سپای پاسداران ڕایگەیاند دوو نەوتهەڵگری لە گەرووی هۆرمۆز ڕاگرتووە

01-08-2026

•

ژینامێدیا – بەشی هەواڵ

•

0 جار خوێندراوەتەوە

سپای پاسداران ڕایگەیاند دوو نەوتهەڵگری لە گەرووی هۆرمۆز ڕاگرتووە

سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە ناوچەی گەرووی هۆرمۆز دەستیان بەسەر دوو نەوتهەڵگردا گرتووە، لە بەرامبەردا فەرماندەیی ناوەندیی ئۆپراسیۆنەکانی ئه‌مریکا (سێنتکۆم) تاران بە دروستکردنی مەترسی بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی تۆمەتبار دەکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پەیوەندییە گشتییەکانی سپای پاسداران کە ڕۆژی هەینی ۹ی گەلاوێژ بڵاوکراوەتەوە، دوو نەوتهەڵگر کە هەوڵیانداوە لە ڕێڕەوی باشووری گەرووی هۆرمۆز تێپەڕبن، کراونەتە ئامانج و ڕاگیراون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە چوار نەوتهەڵگری دیکەش دوای گۆڕینی ڕێڕەوەکەیان، گەڕاونەتەوە.

سپای پاسداران هۆشداریی داوەتە ناوەندە کەشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان و ئاماژەی بەوە کردووە کە گەمارۆدان و هۆکارەکانی دەستکاریکردنی ڕێڕەوی کەشتییەکان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە "بێ وەڵام نامێننەوە".

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ دامەزراوەیەکی سەربەخۆ یان ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتیی دەریایی دەستبەسەرداگرتنی ئەو دوو نەوتهەڵگرەیان بە شێوەیەکی فەرمی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەندراوێکدا نائەمنبوونی ڕێڕەوە ئازادەکانی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند، مەترسیی سەرەکی بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کارمەندەکانیان تەنیا هێرش و هەڕەشەکانی سپای پاسدارانی ئێرانە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا ئاڵۆزییەکان لە ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هۆرمۆز زیادیان کردووە و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بە ئامانجگرتنی چەندین کەشتیی بازرگانی و نەوتهەڵگر لە ناوچەکەدا دەکەن.

سەرنجێک بنووسە
ناو
ئیمەیڵ
تا ئێستە سەرنج نەنووسراوە.
An unhandled error has occurred. Reload 🗙

Rejoining the server...

Rejoin failed... trying again in seconds.

Failed to rejoin.
Please retry or reload the page.

The session has been paused by the server.

Failed to resume the session.
Please retry or reload the page.