بەم دواییانە کتێبێکی نوێ و جیاواز لە بواری زانستی وتووێژ و دانوستان کەوتە کتێبخانەی کوردییەوە. ئەم بەرهەمە کە نزیکەی ٥٠٠ لاپەڕەیە، هەوڵێکی ئەکادیمی و بەڵگەمەندە بۆ لێکدانەوەی شێوازە نەریتییەکانی چارەسەرکردنی ناکۆکی لە کۆمەڵگەی کوردیدا، لە تیشکی تیۆرییە زانستییەکانی سەردەم.
نووسەری کتێبەکە دکتۆر عەلی مازووچی، لە هەنگاوێکی دەستپێکدا بۆ پڕکردنەوەی کەلێنێکی زۆر لە کتێبخانەی کوردیدا، پاش گەڕانێکی ورد و نەدۆزینەوەی سەرچاوەیەک کە بەم ئاراستەیە کاری کردبێت، بڕیاری داوە ئەم تاقیکردنەوە ئەکادیمی و مەیدانییە ئەنجام بدات. نووسەر تەنها پشت بە کتێبە بیانییەکان نابەستێت، بەڵکو بە ئەنجامدانی وتووێژی ورد لەگەڵ کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە خاوەنئەزموونەکان و بەشداریکردن لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا، بۆچوون و ڕوانگەی چینی جیاوازی کۆمەڵگەی بە بنەمای لێکۆڵینەوەکەی داناوە.
سەرچاوە تیۆرییەکان و دیدی کوردەواری
لە بەشی تیۆریی کتێبەکەدا، نووسەر توانیویەتی بە وریاییەوە تیۆرییەکانی پسپۆڕانی ناوداری وەک «یوهان گاڵتونگ، گلازل، شولتس فۆن تۆون، ئێریک فرۆم و واتسلاڤیک» لەگەڵ کەلتوور و ئەزموونە خۆماڵییەکاندا ئاوێتە بکات. کتێبەکە تەنها لە چوارچێوەی تیۆریدا نەماوەتەوە، بەڵکو بۆ چەسپاندنی ئەم تیۆریانە، ئەزموونی کەسایەتییە دیارەکانی وەک کاک حەمەدمینە شەشە، مەلا عەلی ڕەبانی، مەلا نەجمە و جێران خانمی شێخ ئاقایی بەکارهێناوە.
پێداچوونەوە بە مێژووی ڕێبەرانی کورد
بەشێکی تری ئەم بەرهەمە، تایبەتە بە شیکردنەوەی کەسایەتی و شێوازی بڕیاردانی پێنج ڕێبەری دیاری مێژووی کورد: مەحمود پاشای بابان، شێخ عوبەیدوڵای نەهری، شێخ مەحمودی حەفید، قازی محەمەد و مەلا مستەفای بارزانی. نووسەر لەم بەشەدا، لە ڕوانگەیەکی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەوە، چۆنیەتیی مامەڵەکردنی ئەم سەرکردانەی لە کاتی قەیران و ناکۆکییەکاندا بەراورد کردووە.
دانوستان لە تیۆرییەوە بۆ پراکتیک
کتێبەکە ڕێنمایییەکی زانستییە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە ئاڵۆزییەکانی «دانوستانی دابەشکار» و «دانوستانی هاوساز» (براوە-براوە) تێبگەن. جیا لە لێکدانەوە زانستییەکان، نووسەر خشتە و داتای مەیدانی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێت بە کردەیی، ستراتیژی و تاکتیکەکانی دانوستان و پێکهێنانی تیمی کاری بەهێز فێر ببێت.
ئەم کتێبە بەرهەمێکی بەنرخە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بزانن کورد چۆن لە ڕابردوودا ناکۆکییەکانی چارەسەر کردووە و چۆن ئەمڕۆ دەتوانێت بە ڕێبازی زانستی، کولتووری گفتوگۆ و ئاشتیخوازی لە کۆمەڵگەدا پەرە پێ بدات.
خوێنەرانی ئازیز بۆ بەدەستهێنانی ئەم کتێبە، دەتوانن لە ڕێگەی ئەم ئیمیلەوە پەیوەندی بە نووسەرەوە بکەن:
a.mazoudji@gmail.com