قەسیدەیەک

07-11-2026

•

ئەفسانەئاڵەشین

•

0 جار خوێندراوەتەوە

قەسیدەیەک

لە چاوەڕوانیی گەڕانەوەتدا

چل بەهار

چل پەڕەسێلکەی

چاوەڕوانی

چل سێوی

میخەک‌ڕێژ

جلی هاتنەوەی

تۆیان لە بەر کرد

بەڵام نەهاتی!

ئەمسال پاییز

هەناری پیری پێ داوم...

چل شەوی مانگ‌گیڕان

چل هۆنراوەی

خەمناک و مۆر

چل چراکان

لە ڕێگەت‌دا

شکان و مردن

شار لە خەوچوو

تۆش نەهاتیەوە

ئەمسال باڵاى خەیاڵم!

تەمومژێکی

قورسی گرتووە...

تکایە

لە بەهار بمێنەوە

با باڵندەکان کۆچ نەکەن

با داربەڕووکان پیر نەبن

من ئیدی زستانم...

لەوانەیە

گەرمایەکی سادەی

ناو ئاگردانێک

دوایین پەناگەی ئەم دڵە شەکەتە بێت

کەچی تۆ...

لە پشت لێواری دوورەولاتەوە

تەنیا سێبەرێک

بەجێ دەهێڵی و

دەچیت بۆ فەرامۆشی!

کەچی ئێشتاش

لە ناو ئەم هەموو ساردوسڕییەدا

تۆوێکی شین‌نەبووی یادگاریت

لە سینەمدا

خەریکە سەوز دەبێت...

جا ئیتر با زستان بێت

با، با و باران

پەناگەکانم بڕوخێنن

من هەر لە چاوەڕوانیی ئەو بەهارەدا دەمرم

که جارێک

بۆنی تۆی هێنابوو...

سەرنجێک بنووسە
ناو
ئیمەیڵ
تا ئێستە سەرنج نەنووسراوە.
An unhandled error has occurred. Reload 🗙

Rejoining the server...

Rejoin failed... trying again in seconds.

Failed to rejoin.
Please retry or reload the page.

The session has been paused by the server.

Failed to resume the session.
Please retry or reload the page.