خەڵکی کوردستان سەدان ساڵە تاوان و مەینەتیی ژێردەستەیی، داگیرکاری و دابەشبوونی نیشتمانەکەیان بەسەر دەوڵەتانی داگیرکەردا دەچێژن. تاوانەکانی ئەنفال، کیمیاباران، لەسێدارەدان و هەوڵەکانی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی، برینێکی قووڵ و ساڕێژەنەبوویان لە مێژوو، کەسایەتی و ویژدانی گشتیی گەلی کورددا بەجێهێشتووە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە باشووری کوردستاندا لە بواری پێکهێنانی حکومەت، پەکخستنی دامەزراوە دەستوورییەکان و تێکدانی یەکپارچەیی هەرێمدا ڕوودەدات، جۆرێکە لە «دابەشکاریی ناوخۆیی» کە مەترسییەکەی لە ڕووی لاوازکردنی قەوارەی نەتەوەیی و سیاسیی کوردستانەوە، کەمتر لە داگیرکاریی دەرەکی نییە.
پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، لەبری ئەوەی ببێتە هۆی پتەوکردنی بناغەی دامەزراوەیی و بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و دەستووریی هەرێم، بەداخەوە بووەتە گۆڕەپانی ململانێ و کێشمەکێشیی حزبییەکان. نەبوونی تێگەیشتنێکی هاوبەش لە چەمکی دەوڵەتداری و دانەنانی بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە سەرووی بەرژەوەندیی حزبی و ناوچەیی، وای کردووە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دوا بکەوێت و دامەزراوەکانی هەرێم لە دۆخێکی نائاسایی و نادڵنیاییدا بمێننەوە.
ئەم بۆشاییە سیاسییە تەنیا ڕەنگدانەوەی ناکۆکییەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو زەمینەیەکی گونجاو بۆ دەستتێوەردانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، بە تایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تورکیا، خۆش دەکات. ئەم دەوڵەتانە بە بەکارهێنانی کارتی ئابووری، سەربازی و گوشاری سیاسی، هەوڵی لاوازکردن و سنووردارکردنی دەسەڵات و سەربەخۆییی بڕیاردانی هەرێم دەدەن، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک قەوارەیەکی لاواز، دابەشکراو و موحتاج بەخۆیان بمێنێتەوە.
بەڵام خاڵی هەرە مەترسیدار لەم هاوکێشەیەدا، ئەوەیە کە هەندێک لایەنی ناوخۆیی، لە پێناو پاراستن یان بەدەستهێنانی دەسەڵات و بەرژەوەندیی کاتی، دەبنە هۆی ئاسانکاری بۆ دەستتێوەردانی دەرەکی. ئەم دیاردەیە کە دەتوانرێت بە «چاوساغیی ناوخۆیی» ناوببرێت، کاتێک ڕوودەدات کە بەرژەوەندیی حزبی و تاکەکەسی لە سەرووی بەرژەوەندیی نەتەوەیی دادەنرێت و لایەنێکی سیاسی بە ئەنقەست یان بە کردەوە دەبێتە ئامرازی جێبەجێکردنی پڕۆژە و نەخشەی دەرەکی.
لە لایەکی تردا، هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی هێز و پارتە ئیسلامیەکانی کوردستان لە هاوکێشەی سیاسی و سەربازیی ناوچەکەدا، بە تایبەتی پەکەکە، پێویستی بە لێکدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە و بەرپرسیارانە هەیە.
پەکەکە، لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، لە باشووری کوردستاندا ببووە بەشێک لە ملمـلانێی سەربازیی بەردەوام لەگەڵ تورکیا. ئەم دۆخە، لەگەڵ هۆکارە سیاسی و ئەمنییەکانی تری ناوچەکە، ببووە بە هۆی فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا و دروستکردن و بەردەوامبوونی بنکە و بارەگا سەربازییەکانی لە ناوچە جیاوازەکانی خاکی هەرێمی کوردستاندا. لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: تا چەند ئەم ستراتیژییە لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیی گەلی کورد و مافی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ ژیان لە سەقامگیری و ئاسایشدا یەکدەگرێتەوە؟
لە هەمان کاتدا، تێزە فکری و سیاسییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بە تایبەتی چەمکەکانی «نەتەوەی دیموکراتیک» و «کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک»، پێویستیان بە لێکدانەوەیەکی قووڵ و ڕەخنەگرانە هەیە؛ بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە باس لە پەیوەندیی نەتەوەی کورد بە دەوڵەتە سەردەستەکان، پرسی دەوڵەت و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی دەکرێت.
ئەگەر بیرۆکەی «ئینتیگراسیۆن» بە مانای خۆئاوێتەکردنەوە لە ناو چوارچێوەی دەوڵەتەکانی ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا بێت، بەبێ ئەوەی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد و مافی بڕیاردانی سیاسیی خەڵکی کوردستان بە فەرمی بناسرێت و دابین بکرێت، ئەوا ئەم پرۆسەیە دەتوانێت ببێتە هۆی بەردەوامبوونی ژێردەستەیی بە شێوازێکی نوێ.
پرسیار ئەوە نییە کە کورد چۆن دەتوانێت لەگەڵ گەلان و نەتەوەکانی تردا هاوبەشی و هاوژیانیی ئاشتیخوازانە دروست بکات؛ بەڵکو پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا ئەم هاوژیانییە لەسەر بنەمای یەکسانی، ناسینی مافی نەتەوەیی و ئازادیی بڕیاردانی سیاسی دەبێت، یان لەسەر بنەمای قبوڵکردنی چوارچێوەیەکی سیاسی کە کورد لە مافە نەتەوەییەکانی بێبەش دەکات؟
دژایەتیکردنی شێوەیەکی دیاریکراوی دەوڵەتداری نابێتە پاساو بۆ پشتگوێخستنی مافی نەتەوەیەک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی. هەر بیرۆکەیەکی سیاسی، بە هەر ناو و دروشمێکەوە بێت، دەبێت بە پێوەری ئازادی، یەکسانی، مافی نەتەوەیی و توانای خەڵک بۆ بڕیاردان لەسەر ئایندەی خۆیان هەڵبسەنگێنرێت.
لە ڕاستیدا، مەترسیی سەرەکی لەو کاتەدا دروست دەبێت کە بیرۆکەیەکی سیاسی، بە ناوی هاوچەرخبوون، دیموکراسی یان دژایەتیکردنی دەوڵەت-نەتەوە، مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد بە لاوەکی دابنێت و داوا لە گەل بکات لە مافە بنەڕەتییەکانی خۆی دەست هەڵبگرێت. ئەمە دەتوانێت جۆرێک لە «ژەنگی فکری» دروست بکات؛ ژەنگێک کە بە تێپەڕبوونی کات، ویستی نەتەوەیی لاواز دەکات و ژێردەستەیی بە ناو و شێوازێکی نوێوە قبوڵکراو دەکات.
هەرێمی کوردستان تەنیا قەوارەیەکی سیاسیی کاتی نییە؛ بەرهەمی خەبات، قوربانی و خوێنی هەزاران شەهید و ئەنجامی خەباتی چەندین نەوەی گەلی کوردە. بۆیە نە دەکرێت بەهۆی ناکۆکیی حزبی و ملمـلانێی دەسەڵاتەوە بکرێتە قوربانی، و نە دەکرێت بە بیرۆکەی نامۆ یان تێزێکی سیاسیی بێڕەگ لە بەها و مافە نەتەوەییەکان داماڵدرێت.
پاراستنی هەرێمی کوردستان، پاراستنی مێژوو و قوربانییەکانی گەلە؛ بەڵام ئەم پاراستنە تەنیا بە دروشم و هەڵوێستی سۆزداری ناگاتە ئامانج. پێویستی بە دامەزراوەی بەهێز، سەروەری یاسا ، حکومەتی یەکگرتوو، هێزی پێشمەرگەی نیشتمانی و سیاسەتێکی سەربەخۆی نەتەوەیی هەیە.
خەڵکی کوردستان نابێت جارێکی تر ببنە قوربانیی ناکۆکیی ناوخۆیی و پڕۆژە سیاسییە دەرەکییەکان. هیچ حزبێک مافی ئەوەی نییە بەرژەوەندیی خۆی لە ئایندەی نەتەوەیەک بگرێتە پێش، و هیچ بیرۆکەیەکیش نابێت بە پاساوی هاوچەرخبوون، مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلێک بخاتە ژێر پرسیارەوە.
بێدەنگی لە بەرامبەر لاوازکردنی دامەزراوە نەتەوەییەکان، بێهەڵوێستی لە بەرامبەر دەستتێوەردانی دەرەکی و بێگرنگیدان بە بیرۆکەیەک کە مافە نەتەوەییەکانمان کەمڕەنگ دەکاتەوە، ناتوانێت هەڵوێستێکی بێلایەن بێت.
ئەرکی ئەمڕۆی هەموو نیشتمانپەروەرێکی کورد ئەوەیە بە هۆشیاریی نەتەوەیی، ڕەخنەی بەرپرسیارانە و هەڵوێستی ئازایانە، ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی مێژووی دابەشکاری و لەدەستدانی دەرفەتە مێژووییەکان بگرێت.
کوردستان نە موڵکی حزبێکە، نە مەیدانی تاقیکردنەوەی پڕۆژەی ئایدۆلۆژییەکان و نە بەشێکە لە پڕۆژەی ستراتیژیی هیچ دەوڵەتێکی داگیرکەر. کوردستان نیشتمانی هەموو کوردە و ئایندەی ئەو نیشتمانە دەبێت بە ویست و بڕیاری خۆیی گەلی کورد دیاری بکرێت