بەپێچەوانەی ئەو خوێندنەوەیەی کە هەوڵ دەدات شکستی سیاسی و سەربازی وەک سەرکەوتن یان "کاریزما" نیشان بدات، ڕاستییەکانی سەر عەرز و ئەنجامە کردارییەکان چیرۆکێکی تەواو جیاوازمان پێ دەڵێن.
ئەگەر سەیری واقیعی ڕۆژئاوا و ڕووداوە سیاسییەکان بکەین، جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان دروشمی کاریزما و ئەو ئەنجامانەی بەسەر گەلی کورددا هاتبوون.
کارکردن لەژێر هەژموونی سیاسیی پەکەکەدا، خەباتی ڕەوای کوردی لە ڕۆژئاوا کردە قوربانی بەرژەوەندی و ئەجێندای ناوچەیی. ئەو هێزەی بەناوی ڕێبەرایەتییەوە قسەی دەکرد، لە کۆتاییدا بووە هۆی لەدەستدانی بەشێکی زۆری ناوچە ستراتیژییەکان و ڕادەستکردنەوەی ئیدارەی ناوچەکە یان کشانەوە لە مافە بنەڕەتییەکان لە پێناو ڕێککەوتنی سیاسییدا. پلە و پێگە سەربازییەکان کاتێک لە بەرژەوەندیی نەتەوەییدا بەکار نەیەن، تەنها دەبنە نازناوی سەر کاغەز.
لە کاتێکدا ڕەخنە لە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەگیرێت، نەخشە و واقیعی سیاسی سەلماندوویەتی کە دەستەڵاتی هەرێمی کوردستان بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە توانیویەتی کیانێکی ڕەوا، سوپایەک، و ئابوورییەکی سەربەخۆ دروست بکات و دیپلۆماسییەت لەگەڵ زلهێزەکان و وڵاتانی دراوسێ (وەک تورکیا، کەنداو و وڵاتانی عەرەبی) بپارێزێت تا هەرێم لە شەر و وێرانی بەدوور بێت. ئەوە ژیرایەتیی سیاسییە کە ناهێڵێت گەلەکەت بێتە قوربانیی جەنگی وەکالەت، نەک بێباکی لە ڕاکێشانی جەنگ بۆ ناو ماڵی کورد. بەکارهێنانی ڕستەی بریقەدار و بەراوردکردن عەبدووڵا ئۆجەلان بە ناپلیۆن، تەنها هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاستییەی کە ئۆپۆزسیۆن یان هێزەکانی سەر بە ئاپۆئیزم، خەباتی ڕزگاریخوازی کوردیان بەلاڕێدا بردووە. خەڵکی کوردستان ئەمڕۆ بە ئاگا هاتوونەتەوە و لەوە تێگەیشتوون کە کێ ناوچەکەی بەرەو کاولکاری و ئاوارەیی برد، و کێ توانیویەتی سەقامگیری و سەروەری لە ناوچەکەدا ڕابگرێت.
لە راستیدا ، کاریزمای ڕاستەقینە لە پاراستنی خاکی و گەل، ڕێگریکردن لە ئاوارەیی، و پێشکەشکردنی ژیانێکی شایستەدایە، نەەک لە وتاری بێکردار و کردنە قوربانیی خەڵک لە پێناو ئایدۆلۆژیایەکی بەسەرچوودا.