ئەم پاییزە
من خەریکی چنیینی تیشک و خەون و وشەم
لەو گەڵا زەرد و زوورانەی
کە با لە لق و پۆپیان دەكاتەوە و
دەیانكاتە مێژوویەکی سەمای دوور
من لە ناو هەناوی فەلسەفەی زەردی ئەم وەرزەدا
بە دوای ئەو ڕستە کاڵانەدا دەگەڕێم
کە تا ئێستا هیچ دڵدارێک
نەیدەوێرا لە ترسی بەفر بیانچێنێت
دەبینم
هەموو داربەڕووەکان خەریکن باوەش بە بێدەنگی خۆیاندا دەکەن
بەڵام من
لە نێوان تەنیایی ئەسپی کێوی و تەممەن و چاوەڕوانیدا
دەنکەوارسی وشەکان کۆ ئەکەمەوە
دانە دانە
وەک مرواری لە قووڵایی کەناراوەکان
وەک گزنگ لەسەر لوتکەی قەندیل و هەیبەت سووڵتان
دەیانڕێزمەوە سەر کاغەزێکی سپی
تا ببنە خشت بۆ دروستکردنی قەڵایەکی هەمیشەیی
چونکە دەزانم
کاتێک کڕێوە بێت و زستان بە هەموو ساردییەوە
پەنجەرەی کۆڵانەکانمان داگیر بکات
ئاسمان بێدەنگ دەبێت و
شار لە ژێر قادرمەی سپی بەفردا خەوی لێ دەكەوێت
تەنیا ئاگرە جەسوورەکەی سینەی من دەتوانێت
ڕێگا لە بەستنی دەمارەکانی زەمەن بگرێت
من زستانم هێناوەتە ژوورەوە
بەڵام گەرمای تۆم لە ناو دڵدا حەشار داوە
بۆیە ئەمجا
بۆ وەرزێکی گەورە و سەدوەرزە
قەسیدەیەکی وا درێژ دەنووسم
کە لە یەکەم دێڕییەوە بۆنی هەنار و سەرەتای باران بدات
و لە دوا خاڵیشیدا
پەپولەکانی بەهار لەسەر گۆنای مانگ بگەشێنەوە
ئەمە قەسیدەی هەناسەی تۆیە
درێژ وەک ڕێگای دووروودرێژی نێوان دوو شار
قووڵ وەک حیکایەتی کۆنی قەڵاکەمان
و پاک وەک ئەو ئەستێرەیەی
شوانە لە شەوێکی تاریکدا
بۆ دۆزینەوەی رێگای ماڵەوە سەیریان دەکرد
کاتێک زستان هات و جیهان سپی پوش بوو
من ئەم قەسیدەیە دەکەمە پۆشاک بە تەنیایی تۆدا
دەکەمە لانکەیەک بۆ خەونی شەوە درێژەکان
و دەیبەخشمە ئەو خۆشەویستییەی
کە تەنانەت سەرمای بەفریش
نەیتوانی کڵپەی گەرمای خامۆش بکات!