وێرانکاریی ژینگە و بەتاڵانبردنی سروشتی کوردستان؛ ستراتیژییەتێکی مێژووییە بۆ سڕینەوەی ناسنامەمان.
ژینگەی کوردستان تەنیا رووبەرێکی جوغرافیایی یان دیمەنێکی سروشتی نییە، بەڵکوو پێناسەی مانەوە، ناسنامەی مێژوویی و سەرچاوەی ژیانی نەتەوەیەکە. ئەوەی ئەمڕۆ لە سەراسەری کوردستان لەسەر دەستی هێزە داگیرکەرەکان بەڕێوە دەچێت، تەنیا زیانگەیاندنی لەناکاو یان تێکدانی سادەی ژینگە نییە، بەڵکوو "کوشتاری ژینگەیی و گەڵاڵەیەکی ئەنقەستە بۆ لەناوبردنی بنەماکانی ژیان لەم خاکەدایە. لە عەفرینەوە تا باشوور و ڕۆژهەڵات
ئەم کردارانە درێژکراوەی هەمان ئەو ئەقڵییەتە شۆڤێنییەن کە دار و ڕووەک و ئاو بە دوژمنی خۆیان دەزانن. لە عەفرین، بڕینەوە و سووتاندنی دار زەیتوونە سەدساڵییەکان کرایە ئامرازی تۆڵەسەندنی نەتەوەیی؛ لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، سووتاندنی دارستانە ڕەسەنەکان، بۆردومانکردنی بەردەوامی کوێستانەکان، و تێکدانی زنجیرەی ڕووەکی و ئاژەڵی، هەموان لەژێر پەردەی پاراستنی ئاسایش و "شەڕی سنووری" ئەنجام دەدرێن. ڕاستییەکە ئەوەیە کە پاراستنی سنوور تەنیا پاساوێکە بۆ داپۆشینی تاوانەکانیان. ئامانجی سەرەکی تێکدانی سیمای سروشتی، چۆڵکردنی ناوچەکان لە دانیشتووانە ڕەسەنەکەی و وشککردنی سەرچاوەکانی ژیانە.
ڕووتکردنەوەی خاک
داگیرکاریی کوردستان تەنیا بە سوتاندن و بڕینەوە ناۆەستێت، بەڵکوو پرۆسەیەکی بەرفراوانی ژینگەکوشتن و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستانە. بڕینەوە و تالانکردنی دارستانی بەڕوو، گواستنەوەی تەختە و دارەکان بۆ دەرەوەی کوردستان، و شێواندن وگۆڕینی هاوسەنگیی سروشتی، دەرهێنانی بێپلان و تاڵانکارانەی نەوت، گاز و کانزاکان بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ ستانداردێکی ژینگەیی، کە بووەتە هۆی ژەهراویکردنی ئاو و خاکی کوردستان، دروستکردنی بەنداوی بەرفراوان لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان، بەمەبەستی بەکارهێنانی ئاو وەک چەکێکی سیاسی و وشککردنی رووبارەکانی نیشتمان دەبێ وەک تاوانی ئەنفال و ژینۆساید هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت .
لە کاتێکدا جیهان باس لە قەیرانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە وەک مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤ دەکات، ژینگەی کوردستان لەژێر ڕەحمەتی ئاگر و تۆپباران و تاڵانیی ڕۆژانەدایە. بێدەنگیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بێهەڵوێستیی کۆمەڵگەی مەدەنی بەرامبەر بەم کارەساتە، درێژەدانە بەم تاوانە ژینگەییەی کە داهاتووی نەوەکانی کوردستان دەخاتە مەترسییەوە.
پاراستنی ژینگەی کوردستان جیاواز نییە لە پاراستنی ئاڵا و خاکی ئەم نیشتمانە. ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم وێرانکارییە، پێویستی بە دەنگ هەڵبڕینی یەکگرتووی هەموو چین و توێژەکان، بەئاگابوونەوەی نەتەوەیی و گەیاندنی دەنگی مەزڵوومیەتی ژینگەی کوردستانە بۆ کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان. دارێک کە لە کوردستان دەسوتێندرێت یان دەبڕدرێتەوە، لقێکە لە جەستەی ڕووحی نەتەوەیی کە بریندار دەکرێت.