بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و بیری ناسیونالیزمی کوردی، وەک هەموو بزووتنەوە نەتەوەییەکانیتری ناوچەکە و جیهان، لە مێژووی پڕ لە سەخت و خەباتی خۆیدا بە قۆناغی جۆراوجۆردا تێپەڕیوە. ئەم ڕێچکەیە هەمیشە لە نێوان دوو جەمسەری فیکری و پراکتیکیدا سەرقاڵی ململانێ و هاوسەنگی ڕاگرتن بووە یەکێکیان دیدگایەکی گشتگیر و نیشتمانییە کە سنوورە دەستکردەکان تێدەپەڕێنێت (کوردستانی بوون) و ئەوی تریان تێڕوانینێکی سنووردارتر و لۆکاڵیترە کە زیاتر لە کەناری تەسکبینی جوگرافی و قەوقەسی بەرژەوەندییە تەسکەکاندا دەمێنێتەوە (هەرێمچیەتی).
ناسنامەی نیشتمانی و ڕوحی کوردستانیبوون
کوردستانیبوون وەک چەمکێکی فیکری و سیاسی تەنیا جوگرافیایەکی داگیرکراو یان دابەشبوو نیشان نادات، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ هەستێکی قوڵی نەتەوەیی کە ڕیشەی لە کەلتور زمان مێژوو و چارەنووسێکی هاوبەشتدا هەیە. لەم دیدگایەدا، خەباتی نەتەوەیی بە جۆرێک دادەنرێت کە فرەیی ناوچەیی و جیاوازییەکان دەکاتە هەوێنی دەوڵەمەندکردنی کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو. ناسیونالیزمی ڕاستەقینەی کوردی کاتێک لە باوەشی "کوردستانی بوون"دا گەشە دەکات، هەموو پارچەکان، تاک بە تاکی شارەکان، و کلتوری هەر ناوچەیەک وەک بەشێک لە جەستەیەکی زیندوو دەبینێت. ئەم ڕوانگەیە دوورە لە جیاکاری و چاوی تەنیا لە بەرژەوەندی گشتی و ئازادی گشتگیرە.
مەترسییەکانی هەرێمچیەتی و تەسکبینی
لە بەرامبەردا، دیاردەی "هەرێمچیەتی" و لۆکاڵگەرایی تەسک، یەکێکە لەو ئاسمەندانەی کە هەمیشە وەک بەربەستێکی قورس لە بەردەم یەکڕیزی و پێشکەوتنی بیری نەتەوەییدا خۆی نیشانداوە. هەرێمچیەتی کاتێک سەر هەڵدەکات کە دیدگا نیشتمانییە گەورەکە بچووک دەکرێتەوە بۆ چوارچێوەی ناوچەیەک شارێک، یان تەنانەت بنەماڵە و حزبایەتییەکی دابەشکار. ئەم شێوازە لە بیرکردنەوە لە (دژایەتی) لەگەڵ ڕوحی ناسیونالیزمدا قەیرانی متمانە دروست دەکات و هێزی بزووتنەوەی نەتەوەیی پارچە پارچە دەکات. لە مێژوودا، زۆرترین زیان کە بەر خەباتی کورد کەوتووە، لە ئەنجامی بەرژەوەندییە لۆکاڵییەکان و لەبەرچاونەگرتنی ستراتیژە نیشتمانییە گشتگیرەکانەوە بووە.
پردی پەیوەندی و ئاراستەی داهاتوو
چارەسەر لەم ململانێیە فیکرییەدا، ڕەتکردنەوەی لایەنە لۆکاڵییەکان نییە بەڵکوو خستنەخزمەتیانە بۆ ناو چوارچێوەیەکی گەورەتری نیشتمانی. هەر ناوچەیەک، شارێک، و کلتورێک خاوەنی تایبەتمەندی و جوانی خۆیەتی کە دەبێت ببنە بەشێک لە مۆزاییکی دەوڵەمەندی ناسنامەی کوردستانی. کاتێک جیاوازییە جوگرافی و مێژووییەکان وەک فاکتەری تەواوکەر سەیر دەکرێن نەک جیاکەرەوە، بیری ناسیونالیزم دەتوانێت لە قۆناغی سۆزدارییەوە بگاتە قۆناغی کامڵی هۆشیاری سیاسی و نیشتمانی.
لە کۆتاییدا، تێپەڕاندنی هەرێمچیەتی و گەیشتن بە لووتکەی «کوردستانی بوون» پێویستی بە گۆڕانکارییەکی هزری لە تاک و کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە. تەنیا بە ڕوانینێکی فراوان کە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی لاوەکییەوە، دەکرێت هیواداری سەرکەوتنی ئاراستە ڕاستەقینەکەی ناسیونالیزمی کوردی بین لە گەیشتن بە مافە ڕەواکانی......