دیبەیت و گفتوگۆکان لەسەر فیمید (ژنکوژی) و بەتایبەت کوشتن لەسەر شەرەف، لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەرنجێکی زۆری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ئەم پرۆسەیە دەبێت وەک شتێکی باش قبووڵی بکەین. کوشتن و تاوانە قورسەکانی تری دژ بە ژنان شایەنی گرنگیپێدانن، بەڵام پێویستییان بە وریایی و پشکنینێکی وردی ئەو ناوەڕۆکانەش هەیە کە کۆمەڵگە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
ئەو سەرنجدانە بە هیچ شێوەیەک بە مانای زانیاری، تێگەیشتن و هوشیاریی تەواو لەسەر ئەو بابەتە هەستیارە نایەت. کاتێک حاڵەتە تاکەکەسییەکان وەک پێناسەی تەواوی توێژە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنرێن، کاتێک پشتێنەی کەلتووری بە شێوازێکی خۆکارانە وەک هۆکار دەخوێنرێتەوە، یان کاتێک حاڵەتەکانی سەر بە پۆلە جیاوازەکان تێکەڵ دەکرێن، مەترسیی ئەوە دروست دەبێت کە دیبەیتەکە زیاتر سیاسی بێت تاوەکو زانستی.
مرۆڤ دەتوانێت بە توندی دژی کوشتن لەسەر شەرەف بوەستێت و لە هەمان کاتیشدا خۆی لە گشتاندن و بە یەک چاو سەیرکردن بەدوور بگرێت. مرۆڤ دەتوانێت دان بەوەدا بنێت کە شێوازە دیاریکراوەکانی توندوتیژیی پەیوەندیدار بە شەرەف لە هەندێک کۆمەڵگەدا زیاتر باون، بێ ئەوەی ملیۆنان کەسی پێکهاتەیەک یان نەتەوەیەک بەکۆمەڵ بە بەرپرسیار بزانرێت.
نەکوڵی لەوە ناکرێت کە ئەورووپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانیش کێشەیەکی گەورەیان لەگەڵ کوشتنی ژناندا هەیە و لەو وڵاتانەش کەلتور، یاسا و نورمە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن. هەر لەبەر ئەمەشە کە توێژینەوە پێویستە و دەبێت بزانرێت کە جەوساندنەوەی ژنان و زوڵم، پەیوەندییەکی قوڵی بە توندوتیژیی ڕاستەوخۆ و زۆری تاکەکەسی، توندوتیژیی سازەیی و توندوتیژیی کەلتوورییەوە هەیە. ئەو جۆرە توندوتیژییانە هەم پەیوەندییان بە سیستیمی حاکمییەت، هەم بە یاسا و هەم بە شێوەی بیرکردنەوە و کەسایەتیی تاک تاکی مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگایەوە هەیە. لە هەر کۆمەڵگایەکدا مرۆڤی کەلەڕەق، یەکدەندە و شەڕانگێز هەیە و هەروەها مرۆڤی تێگەیشتوو، ڕووناکبیر و هۆمانیستیش هەن. بەو پێیە، ناکرێت لە کاتی روودانی کارێکی ناڕەوادا هەموویان خەتابار بکەین. بۆیە پێویستە سیستیمی حوکمڕانی و سیستیمی کۆمەڵایەتی بخەینە ژێر لێکۆڵینەوەیەکی وردەوە و سەرچاوەکانی ژنکوژی دەستنیشان بکەین.
ئەگەر بڕوانینە کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سیستیمی حاکمییەت و سەرنج بدەینە هەڵوێست و یاساکانی سەبارەت بە ژنان، بۆمان دەردەکەوێت هەم سازەکانی ئەو ڕژێمە، هەم قانون و ناوەندەکانی فێرکردن و پەروەردە و هەم یاساکانی بە تەواوی دژ بە ژنانن. ئەو شێوە هەڵوێست و یاسایانە لەگەڵ کەلتوری بەشێک لە خەڵکی سونەتی و هەروەها لەگەڵ کەلتوری حاکمیەت یەک دەگرنەوە و ڕەوابوون بە کردەوەکانی دژ بە ژنان دەدەن. لێرەدا پێویستە چەند ئاماژەیەک بە یاساکانی دژ بە ژنان بکەین:
لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا لە کاتی کوژرانی کەسێکدا خاوەن مردوو مافی قەساسی قاتڵیان پێ دەدرێت، یان ئەگەر ئەوە نەکەن دەتوانن دیە (حەقی خوێن) بە خاوەن مردوو بدەن. مادەی ۲۹۷ی یاسای سزادان، خوێنی پیاوێکی بە سەد وشتر کە نە کز و نە قەڵەو بن خەمڵاندووە. لە مادەی ۲۸۵دا هاتووە کە ئەگەر پیاوێک ژنێک بکوژێت، خاوەن مردوو مافی قەساسکردنی بکوژی هەیە، بەڵام دەبێت ٥٠ وشتر بۆ تەواوکردنی خوێنی پیاوەکە بە خاوەنی بکوژ بدەن، چونکە بەهای ژنێک نیوەی پیاوێکە. هەروەها ئەگەر بە پێچەوانە ژنەکە بکوژ بێت و بنەماڵەی کوژراو داوای قەساسی ئەو ژنە بکەن، دەبێت بنەماڵەی ژنەکە ٥٠ وشتری نە کز و نە قەڵەو بە ماڵی خاوەن کوژراو بدەن تاوەکو ژنەکە کە بکوژە قەساس بکرێت. بە تایبەت قانونی زنا سەبارەت بە ژنان زۆر وەحشیانە و جنایەتکارانەیە. بەپێی ماددەکانی ٢٢٥ و ٢٢٦ی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو ژنانەی کە تووشی زنا دەبن، یاخود بە ئیعدام، یان بە سەنگەسارکردن و یان سزای جەستەیی مەحکوم دەکرێن.
لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ژنێک بە تەنیا بە شایەد ناشێت و دەبێت لەبەرانبەر هەر پیاوێکدا دوو ژن شایەدی بدەن. لە یاسای مەدەنیی ئێراندا، مادەی ۱۱۰٥ پیاو بە سەرۆکی خێزان دیاری دەکات. مادەی ۱۱۳۳ مافی جیابوونەوە بە پیاو دەدات و دەنووسێت: "پیاو هەرکات پێی خۆش بوو دەتوانیت ژنەکەی تەڵاق بدات." لە قانونی کۆماری ئیسلامیدا خوشک و برا یەکسان نین و خوشک نیوەی برا میرات وەردەگرێت. بەتایبەت بۆ وەدەرکەوتنی ژن لە کۆمەڵگەدا یاسا و ڕێسای تایبەتی بۆ داندراوە؛ ژن بۆی نییە بێ چارۆکە و مۆنتۆ لە بازاڕ، ئیدارە و جێگاکانی دیکە دەرکەوێت. چەند ساڵ پێشتر لە ئۆتۆبووسەکاندا بەشی ژن و پیاو لە یەکتر جیا کرابووەوە. بۆ داسەپاندنی یاساکانی دژە ژن، پۆلیسی ئەخلاق جنایتی زۆری کرد و کوشتنی ژینا ئەمینی بووە هۆی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە لە ئێران و هەموو دنیا پشتیوانی لێ کرا. ئەو بێحورمەتی و نابەرابەریانە سەبارەت بە ژن، بووەتە کەلتوری بەشێک لە خەڵک لە ئێران و هەروەها کەلتوری حاکمییەت. هەر لەبەر ئەوەشە کە توندوتیژی سەبارەت بە ژنان لە ئێران لە هەمووু جێگایەک پترە و هەروەها سزادانی خەتاکاران و بکوژانی ژن هیچ کات بە شێوازێکی جددی سەرنجی پێ نەدراوە. لەبەر ئەوەشە کوشتنی ژن لە ئێران زۆر ئاساییترە لە کوشتنی پیاو.
بەڵام دەبێت جیاوازی بکەین لە نێوان جۆرەکانی کوشتندا. کوشتن لەسەر شەرەف هاوتا نییە لەگەڵ هەموو جۆرەکانی کوشتنی ژنان. لە کوشتن لەسەر شەرەفدا، تاوانباران بە گشتی پێیانوایە کە قوربانییەکە شەرەفی خێزان یان گرووپەکەی بریندار کردووە. ئەمە بۆ نموونە دەکرێت پەیوەندیی هەبێت بە هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیان، سێکسوالیتە، پەیوەندیی سێکسیی پێش هاوسەرگیری، جیابوونەوە، ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیری یان هەر ڕەفتارێکی تر کە وەک پێشێلکردنی نەریتەکان سەیر بکرێت. لە ئێراندا لە هەموو ئەو هەلومەرجانەدا هەم لەلایەن بنەماڵە و هەم لەلایەن حکومەت و یاسا ژن بە خەتابار دەزانرێت و بیر لە سزادانی پیاوەکە ناکرێتەوە، چونکە بە ناحەق پێانوایە شەرەفی خێزان دەبێت لەلای ژن بێت و پیاو هیچ خەتایەک و بەشدارییەکی لەو کارەدا نییە. ئەو ڕەفتارە ناڕەوایە کۆمەڵایەتی و یاساییەی لەسەر ئەو بابەتانە لەگەڵ ژن دەکرێت، تراژیدیای ژیان لەو ژینگەیەدا پێکدەهێنێت و هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی پیاوەکان پتر دەست بۆ ژنکوژی بەرن. دیارە توێژینەوەکان دەریانخستووە کە توندوتیژیی پەیوەندیدار بە شەرەف هەم شێوازێکی توندوتیژیی جێندەرییە و هەم تێیدا ژنان و کچان زۆرترین قوربانین.
دیارە جۆری دیکەش لە کوشتنی ژنان هەیە بۆیە کوشتن لەسەر شەرەف دەبێت لە جۆرەکانی تری کوشتنی ژنان جیا بکرێتەوە. ژنێک کە بەهۆی داوای جیابوونەوە لە هاوبەشی ژیانی پێشووی دەکوژرێت، بە شێوازێکی خۆکارانە قوربانیی کوشتن لەسەر شەرەف نییە. هۆکارەکە لەوانەیە چاودێریکردنی توند، ئیرەیی، توندوتیژیی پێشوەختە یان ترس لە لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ بەسەر هاوژینکەدا بێت. لە بەرامبەردا، ژنێک کە لەلایەن باوک، برا یان خزمەکانی تریەوە دەکوژرێت بەو پێیەی خێزانەکە باوەڕی وایە شەرەفی خێزانی بریندار کردووە، لەوانەیە ببێتە قوربانیی کوشتن لەسەر شەرەف. ئەو ناڕەواییە ڕیشەی لە سازەی پیاوسالاری و شەڕانگێزیی پیاودا هەیە. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەشێک لە کۆمەڵگە ئێستاش هەر بە شێوەی عەشیرەتی دەژیت و پیاوسالاری دەستی بە سەر ئەندامانی بنەماڵە و عەشیرەتدا دەڕوات، بۆیە دەکرێت لە کۆمەڵگەیەکی ئاوهادا ژن بە ئاسانی ببێتە قوربانی.دەگەڵ ئەوەش ئێمە پێمانوایە کە لە بیست ساڵی ڕابردو گۆمەڵگای کوردی پێشکەوتنی زۆری بە خۆوە دیوە و ڕوانگەی پیاوەکان سەبارەت بە ژنان گۆڕاوە و ژن کوشتن لە سەر شەرەف ڕادەکەی زۆر داشکاوە.
لە هەردوو حاڵەتەکەدا باس لە دەسەڵات و کۆنتڕۆڵکردنی ژنان دەکرێت، بەڵام میکانیزمەکان لەوانەیە جیاواز بن؛ بەتایبەت لە وڵاتێکدا کە حکومەت و یاساکانی تا سەر ئێسقان دژە ژن بن. ئیتر هەم تاک، هەم سازە و هەم کەلتور دەست دەدەنە دەست یەکتر و قەیران پێکدەهێنن. بەتایبەت کەلتوری دواکەوتوو و یاساکانی حکومەتی ڕەوایەت دەدات بە توندوتیژی و هاندەرێکی گەورەیە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی نالەبار.
شەرەف وەک کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی
توێژینەوەکان ئاماژە بە چەند میکانیزمێکی جیاواز دەکەن کە لە پشت توندوتیژیی پەیوەندیدار بە شەرەفەوە هەن. یەکێک لەوانە کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتگەراییە (بەتایبەت پیاوسالاری)؛ سێکسوالیتە، هاوسەرگیری و هەڵبژاردنی هاوبەشی ژیانی ژنێک پەیوەستە بە پێگەی خێزانەکەوە. میکانیزمی تر شەرەفی بەکۆمەڵە؛ لە هەندێک کۆمەڵگەدا ناوبانگی خێزان وەک بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵ سەیر دەکرێت، بۆیە چەند ئەندامێکی خێزان دەکرێت بەشدار بن لە کۆنتڕۆڵکردنی ژنێکدا. میکانیزمی سێیەم سزادانی کۆمەڵایەتییە؛ ئەگەر ژنێک وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر شەرەفی خێزان سەیر بکرێت، توندوتیژی دەکرێت وەک ئامرازێک بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی خێزانەکە بەکاربهێنرێت.
پێداچوونەوە زانستییەکان لە ئێران ئاماژە بە نەریتە دەسەڵاتگەرەکان، پێگەی کۆمەڵایەتی، شەرم، وابەستەیی ئابووری و پاراستنی لاوازی دامەزراوەیی وەک ئەو هۆکارانە دەکەن کە دەبنە هۆی زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان. بەڵام ئەمە پاساو نادات بەوەی بگوترێت کەلتور خۆی لە خۆیدا هۆکارەکەیە؛ بەڵکە حاکمییەتی وشک و ڕەقی ئایینی، سازەکانی و پتر لە هەموو ئەوانە هێزە ئەمنییەکانی ئێران و پۆلیسی ئەخلاق، بزوێنەری سەرەکی زوڵم و زۆرن سەبارەت بە ژنان. سیستیمی پەروەردە، سۆشیال مێدیای موجودی سەر بە حاکمییەت و دامودەزگاکانی دیکەی دەوڵەتی لە کەلتورسازی و داڕشتنی ئەخلاقی مرۆڤەکاندا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن. جا بەتایبەت ئەگەر ئەو جۆرە مۆڕاڵە لەگەڵ بەشێک لە قەوارە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێسا و یاساکاندا یەکتر بگرنەوە، ئیتر حاکمییەت و بەشێک لە کۆمەڵگا دەتوانن لەسەر بەشێک لەو یاسا دواکەوتوانە هاودەنگ بن.
ئێمە هیوادارین کە گەلی کورد و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لانکەی جووڵانەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوون، نەچنە ژێرباری ئەو یاسا و ڕێسا کۆنانەوە. دەبێ ئەوەش بڵێین کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بە کەمی کوشتنی ژنان ڕوودەدات و ئەگەر جاروبارێکیش جنایەتی ئاوا ڕووبدات، دەبێت بە توندترین شێوە مەحکوم بکرێت و بۆ بردنەسەری تێگەیشتن و ئاگامەندیی خەڵک تێکۆشان بکرێت. بەو پێیە، دەبێت ئێمە ئەو پرسیارە ئاراستەی کۆمەڵگای خۆمان بکەینەوە:
ئایا کوشتن لەسەر شەرەف دیاردەیەکی ئاسیاییە؟
وەڵامی ئەو پرسیارە بە نەخێر دەدەینەوە، چونکە هیچ کەسێک خاوەنی جەستە، ڕۆح و عەقڵی کەسێکی تر نییە. هەروەها لە یاساکانی دنیای پێشکەوتوودا ئەو کردەوە قێزەونە بە تەواوی قەدەغە کراوە و لە مێشکی مرۆڤی ئەورووپیدا بابەتەکان پەیوەندییان بە تاکەوە هەیە و هیچ کەس بەرپرسی کەسێکی تر نییە، هەروەها وشەی "شەرەف" بەو شێوەیە لە وشەنامەی زۆربەی نەتەوەکاندا نەماوە. پەرلەمانی ئەورووپا توندوتیژیی پەیوەندیدار بە شەرەف لە وڵاتانی ئەورووپیدا بەڵگەدار کردووە و "تاوانەکانی شەرەف" وەک جۆرێک لە پراکتیزە زیانبەخشەکان دژی ژنان و کچان دەناسێنێت. لەو وڵاتانە تەنیا خەڵکانی پەنابەر و یا خەڵکی وڵاتانی فەقیر کە سیستیمەکانیا دیکتاتۆرین دەست بۆ ئەو جۆرە تاوانانە دەبەن. وەکی لە سەرەوە باسکرا کۆمەڵی کوردەواری هەم لە باری خوێندەواری و هەم لە باری کۆمەڵایەتی زۆری گەشە کردو و روانگەی پیاو سەبارت بە ژن ئاڵوگۆری گەورەی بە سەرداهاتوو. هیوادارم ڕۆژێک دابێت کە کۆمەڵگەی کوردیش بەو ئاستە بگات و ئیتر تاوانی ئاوا ڕوو نەدات.