مەزڵووم عەبدی ماوەی پتر لە ۱۰ ساڵ، خەباتێکی بێخەوش و نیشتمانیی بەڕێوە برد و لە پشتیوانی و متمانەی هەمەلایەنە بەری بوو. مخابن بەستراوەیی هەڵە بە سیاسەت و خەونەکانی ئۆجەلان، بوونە هۆی بێ هیوایی و پێکهاتنی ئەو بارودۆخە دڵتەزێنەی کە بەسەر ڕۆژاوادا هات.
دوو هۆکاری سەرەکی بوونە هۆی داڕمانی خەباتی چەکداریی ڕۆژاوا، یەکەم:
پاوانخوازی و داواکارییە چەق بەستووەکانی ئۆجەلان. نێوبراو شۆڕشی ڕۆژاوای بەستەوە بە باکوور و لەگەڵ پاشگەزبوونەوەی پکک لە خەباتی چەکداری، بەرخۆدانی ڕۆژاوای دایە بەر شاڵاوێکی نەخوازیار؛ لەکاتێکدا مەزڵووم عەبدی لە هەموو هەڵسوکەوت و وتارێکی ئەو چەند ساڵەیدا، هیوا و بڕوای بە خەبات نەبڕا و متمانەی خەڵکی لەدەست نەدا.
دووهەم:
هۆکارێکی دیکە کە بوو بەهۆی کۆتایی خەباتی چەکداری لە ڕۆژاوا و لاوازیی پێگەی مەزڵووم عەبدی، کشانەوە و پشت لێکردنی زلهێزەکان بوو.
بەڵام ئەگەر جیهان لە ئاست مێژووی پڕکارەسات و خوێناویی کورد تاوانبارە، تاوانی نێوماڵی کورد هۆکارە سەرەکییەکە دەمێنێتەوە!
هەڵسەنگاندنی کوردستان لە ڕوانگەی دەرەکیەوە، سیاسەت و هەڵسوکەوتی کورد بەگشتی لەخۆدەگرێت.
بە تایبەت سەبارەت بە حکوومەتی هەرێم کە تاکە هێمای دەسەڵاتی کوردە. جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە بەرلەوەی تورکیە دەستدرێژی بکاتە سەر باشوور و داگیری بکات، نوێنەری ئەودەمی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین کە خانمێک بوو، چەند جا ڕاشکاوانە بە پارتی و یەکیەتی ڕاگەیاند کە مەترسیی گەورەیان لەسەرە و ئەگەر کێشەکانیان وەلا نەنێن و یەک نەگرن، توکیە باشوور داگیر دەکات و بێ پشتیوان دەمێننەوە!
لایەنە کوردیەکان بایەخیان نەدایە و بەپێچەوانە گرژییەکانیان پەرەپێدا؛ یەکیەتی باشووری کردە گاڵتەجاڕی ئێران و پارتیش بەڕەی سووری بۆ تورکیە ڕاخست!
ڕاوێژکارانی ئەمریکی وتیان:
ناتوانین باسێکی شاراوەیان لەگەڵ بکەین، بۆ سبەی پارتی بە گوێی تورکیەی گەیاندوە و یەکیەتیش بە گوێی ئێران! ئەو چەندبەرەکی و پاوانخوازیانە، لە پاڵ گەندەڵی ماڵی و دارایی بێ سنوور، بوونەتە هۆکارێکی گرینگ و دیاریکەر لە ڕوانگەی دەرەوە و بەتایبەت زلهێزەکان بۆ پشتگوێ خستنی خەبات و مافخوازیی کورد بەگشتی.
بەڵام دیسانیش:
بە پێوەری ئەمڕۆکە، ڕۆژاوا ڕۆژی دێتەوە و هەموو دەستکەوتەکان بەفیڕۆ نەچوون. شایەنی باسە کە هیوای وەرچەرخان بە قازانجی کورد هەیە، چون لەلایێک هەستی ڕاپەڕیو و مێژوویی ڕۆژاوا بەدوور لە دامرکانە، لەولایشەوە بارودۆخی ناسەقامگیری سوورییە و پێگەی لەرزۆکی محەمەد جەولانی، داهاتوویێکی سەرکەوتووانە بۆ ئەو وڵاتە وەدی ناکەن!