ژینامێدیا – هەڤاڵ: بنیامین نەتەنیاهۆ لە کاتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ «نۆعام ئەمیر»، پەیامنێری سەربازیی کەناڵی ١٤ـی ئیسرائیل، ئاشکرای کرد کە ڕژێمی ئێران هەوڵی تیرۆرکردنی یەکێک لە کوڕەکانی داوە.
نەتەنیاهۆ لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا کە ڕۆژی دووشەممە پەخش کرا، وتی: «ئەمە بابەتێکی باوەڕپێنەکراوە. ئێران ئامانجی گرتە یەکێک لە کوڕەکانم. ئێران هەوڵی کوشتنی دا، هەوڵی دا یەکێک لە کوڕەکانم تیرۆر بکات.»
لە وەڵامی پرسیارێکی ئەمیردا کە ئایا ئەم زانیارییە بەشێکە لەو زانیارییە هەواڵگرییانەی پێیان دراوە، نەتەنیاهۆ وتی: «ئێران هەوڵی کوشتنی کوڕێکمی داوە. هەر بۆیە ئەم بەڵێنەی [کە دەیدەم] تەنیا قسە نییە، بەڵکو پێویستە؛ چونکە بەبێ ئەو پارێزکارییە، ڕەنگە ئەوان سەرکەوتوو بن [لە کوشتنی کوڕەکەم]. پێویستە خەڵک کەمێک خۆگر بن، بەتایبەتی لەم کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەدا.»
نەتەنیاهۆ هەروەها وتی: «من لەگەڵ سەرۆکی شین بێت (دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل) قسەم کردووە و داوام لێ کردووە پارێزکاریی پێویست بۆ هەموو بەربژێرێکی پۆستی سەرۆکوەزیران دابین بکات.»
نەتەنیاهۆ لە درێژەی قسەکانیدا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە دوودڵیی «شین بێت» بۆ دابینکردنی پارێزکاری بۆ «گادی ئایزینکۆت»، سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپای ئیسرائیل دەربڕی، کە بەپێی ڕاپرسییەکان یەکێکە لە رکابەرە سەرەکییەکانی پۆستی سەرۆکوەزیران لە هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمدا.
ناوبراو بە ئەمیری وت: «بە سەرۆکی شین بێتم وت کە پێویستە پارێزکاریی گونجاو بۆ هەر کەسێک کە خۆی بۆ سەرۆکوەزیران بەربژێر دەکات، دەستەبەر بکەن.»
شین بێت پاراستنی تایبەتی بۆ بنەماڵەی نەتەنیاهۆ فراوانتر دەکات
لە مانگی تەممووزدا، لیژنەی وەزاریی تایبەت بە کاروباری «شین بێت» ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر فراوانکردنی پارێزکاریی تایبەت بۆ «سارە»-ی هاوسەری نەتەنیاهۆ و هەردوو کوڕەکەیان، «یائیر» و «ئەڤنەر».
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، نەتەنیاهۆ ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا ئامانجی هەوڵەکەی ئێران «یائیر» بووە یان «ئەڤنەر».