ژینامێدیا — هەواڵ: لە درێژەی ڕەوتی تەریککەوتنەوە و قەیرانی دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەزارەتی دەرەوەی شیلی ڕایگەیاند کە هەتا ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر (٣٠ی ئەیلوول) چالاکیی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە تاران بە تەواوی ڕادەگرێت. بەپێی ئەم بڕیارە، تەواوی خزمەتگوزارییە دیپلۆماسی و باڵوێزخانەیییەکانی پەیوەندیدار بە ئێران بۆ باڵیۆزخانەی شیلی لە ئانکارای پایتەختی تورکیا دەگوازرێنەوە.
ڕۆژی شەممە ٣١ی گەلاوێژ، وەزارەتی دەرەوەی شیلی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی «بنیاتنانەوەی کارگێڕیی دیپلۆماسی» و بە ئامانجی بەکارهێنانی باشتری پێوەندییە دیپلۆماسییەکان دراوە. لە هەمان کاتدا، وەزارەتەکە ئاشکرای کردووە کە ئاڵۆزی و دۆخی ئەمنییەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵێکی سەرەکییان لەم بڕیارەدا هەبووە و هەنگاوەکە بە ئامانجی «پاراستن و دابینکردنی تەندروستیی کارمەندان»ی نوێنەرایەتییەکەیان لە تاران ئەنجام دراوە.
ئەم بڕیارەی شیلی لە کاتێکدا دەردەچێت کە بەرەوپێشچوونی ئاڵۆزییەکان و بەرزبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان لە ئێران، پیشتر وڵاتانی دیکەی وەک ئیتالیا و سویسشی ناچار کردبوو باڵیۆزخانەکانیان لە تاران بە شێوەیەکی کاتی دابخەن و کارمەندە دیپلۆماسییەکانیان بکشێننەوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە و بەتایبەت دوای دەستبەسەرداگرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لەلایەن لایەنگرانی خومەینییەوە، ئاڵۆزییەکی بەردەوامی لە پێوەندییە دەرەکییەکانیدا ئەزموون کردووە. لە ئێستاشدا ڕژێم ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی دیپلۆماسی و داڕمانی سیاسەتی دەرەوە بووەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا زیاتر تەریک دەکەوێتەوە.