ژینامێدیا — (سەرچاوە: مەاریڤ / ڕێپەبلیک وۆرڵد):
ژەنەڕاڵی خانەنشین لە سوپای هیندستان، گەگان دیپ بەکشی، هۆشدارییەکی توندی دایە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و ڕایگەیاند، دروستبوونی هاوپەیمانی لە نێوان تورکیا، سعودیە و پاکستان هەڕەشەیەکی ستراتیژییە بۆ سەر هیندستان. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی ئامادە نییە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ئێران لەپێناو بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بپچڕێنێت.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی ڕێپەبلیک وۆرڵدی هیندی (کە ڕۆژنامەی مەاریڤی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە)، بەکشی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێککەوتنەکەی مەککە لە نێوان ئەنقەرە، ڕیاز و ئیسلامئاباد بووەتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە "ناتۆی سوننە"، کە ئەمەش نیگەرانییەکی قووڵی ئەمنی بۆ نیودەولەی دروست کردووە.
پەیامێکی ڕوون بۆ ئیسرائیل: ئێمە پاشکۆی ئێوە نین
ژەنەڕاڵە هیندییەکە پەیامێکی ئاڕاستەی بەرپرسانی ئیسرائیل کرد و ڕایگەیاند:
- "ئێمە هاوڕێی ئیسرائیلین، بەڵام ویلایەتی ٥١ی ئەمریکا یان وڵاتێکی پاشکۆ و دەستەمۆی ئیسرائیل نین."
- "ئیسرائیل ناتوانێت داوامان لێبکات دەستبەرداری ئێران ببن، تەنها بەهۆی ئەوەی لە جەنگدایە لەگەڵ تاراندا. ئیسرائیل خۆی بەدەست چەکی ئەتۆمی پاکستانەوە ماندوو ناکات، چونکە وەک مەترسی بۆ سەر خۆی نایبینێت، لە کاتێکدا پاکستان ١٨٠ کڵاوەی ئەتۆمی هەیە."
- لە ڕوانگەی نیودەولەییەوە، ئێرانی شیعەمەزهەب هاوسەنگییەکی گرنگە لە بەرامبەر پاکستاندا. جگە لەوەش ئێران ڕێڕەوێکی وشکانیی حەیاتییە بۆ هیندستان بەرەو ئەفغانستان و ئاسیای ناوەڕاست، هەروەها سەرچاوەیەکی گرنگی وزەیە.
هۆشداری توند بە تورکیا و پاکستان
بەکشی ئاماژەی بە هاوکارییە سەربازییەکانی تورکیا بۆ پاکستان کرد لە ڕەوتەکانی پێشوودا، لەوانە ڕەوانەکردنی نێردەی سەربازی، ناردنی زیاتر لە ١,٠٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن) و ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ بەندەری کەراچی.
لەبارەی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی تورکیاوە، بەکشی وتی: "تورکیا گەورەترین سوپای ناو ناتۆی هەیە، بەڵام بەهۆی دووریی جوگرافییەوە، ئەگەر تورکیا هەوڵبدات هێزی سەربازی لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاست و دەریای عەرەبەوە بنێرێت بۆ هاوکاریکردنی پاکستان، هێزی دەریایی هیندستان دەتوانێت هێزە دەریاییەکانی تورکیا بەتەواوی تێکبشکێنێت و پارچەپارچەیان بکات."
لە کۆتاییدا ئەو ژەنەڕاڵە جەختی کردەوە کە هاوڕێیەتی لەگەڵ ئیسرائیل گرنگە، بەڵام لە کاتێکدا هاوپەیمانیی سوننە لە ناوچەکەدا بەهێز دەبێت، پەیوەندییەکانی هیندستان لەگەڵ ئێران بایەخێکی زۆر زیاتر وەردەگرن و هیندستان ئامادە نییە ژێرخانی ئابووری و ئەمنیی خۆی قوربانی بڕیارەکانی قودس (ئۆرشەلیم) بکات.