بانگەوازێکی بەپەلە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؛ دژی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بۆ پاراستنی پەنابەرانی سیاسی لە باشووری کوردستان

08-08-2026

•

ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

•

0 جار خوێندراوەتەوە

بانگەوازێکی بەپەلە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؛ دژی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بۆ پاراستنی پەنابەرانی سیاسی لە باشووری کوردستان

ڕاگەیاندراوی ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بانگەوازێکی بەپەلە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؛ دژی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بۆ پاراستنی پەنابەرانی سیاسی لە باشووری کوردستان

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، هەینی ڕێککەوتی ١٧/٧/٢٠٢٦، کۆماری ئیسلامی ئێران لە درێژەی کارە تێکدەرانە، تیرۆریستی و سەرکوتکارییەکانیدا، هێرشێکی مووشەکی دڕندانەی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە پارێزگای سلێمانی. لەم هێرشە جینایەتکارانەدا، مخابن ٩ پێشمەرگەی بە ناوەکانی سیاوان نیکی خا، یاسین گیانپوور، زەکەریا فەقێ حەسەن، ئەحمەد مەحموودی، فەرهاد قەمەری، ڕەزا سادقی، سینا سەفەری، سروش نەسری، کەسرا رەحمانزادە شەهید بوون و ژمارەیەکی تریش لە پێشمەرگە قارەمانەکان بریندار بوون.

هەر لە هەمان ڕۆژدا، هێزە داگیرکەرەکانی ڕژێمی ئێران بە ٨ درۆنی هێرشبەر پەلاماری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیان داوە.

لە دەسپێکی شەڕی ئێستای نێوان ئێران و تەوەرەی ئەمریکا-ئیسرائیلەوە، کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ٨٠٠ جار هێرشی کردووەتە سەر خاکی باشووری کوردستان. لەو ژمارەیە، نزیکەی ٧٠٠ هێرش بەتایبەت بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ناوەندی نیشتەجێبوونی چالاکانی سیاسی و خەڵکی سیڤیلی پەنابەری ڕۆژهەڵات بووە کە لە باشووری کوردستان نیشتەجێن. لە ئەنجامی ئەم هێرشە بەردەوامانەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگە و تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) شەهید و بریندار کراون.

ئێمە بە توندی ئەم دەستدرێژییە مووشەکی و درۆنییانەی کۆماری ئیسلامی و گرووپ و تاقمە تێرۆریستی و میلیشیا سەر بەوانە مەحکووم دەکەین، کە ئاسایش و سەروەری هەرێمی کوردستان و شوێنی ژیانی سڤیلی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتیان کردووەتە ئامانج.

ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران هۆکار و بەرپرسی یەکەمی تێکهەڵچوونە ناوچەییەکان و شەڕی ئێستای ناوچەکەیە. ئەم ڕژێمە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی نگریسی خۆی دوو ڕێگای گرتووەتە بەر:

  • لە نێوخۆی وڵاتدا: بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی ناڕازی و خۆپێشاندەران و بەبارمتەگرتنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەیەوێت دەنگی ئازادی کپ بکات.
  • لە دەرەوەی سنوورەکانیدا: بە هەناردەکردنی قەیران، هەڵگیرساندنی شەڕی بەوەکالەت و دروستکردنی ناسەقامگیریی لە وڵاتانی دراوسێ، هەوڵ دەدات سەرنجی جیهان لەسەر قەیرانە نێوخۆییەکانی لابدات.

ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)، ئەنجومەنی ئاسایش، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سەرجەم دەوڵەتە ئازادەکانی جیهان دەکات کە چیدی لە ئاست ئەم تاوانە جەنگییانەدا بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی بەکردەوەیان هەبێت:

١. پێشێلکردنی سەروەری خاک (بنەمای یاسای نێودەوڵەتی):

هێرشە بەردەوامەکانی ڕژێمی تاران، پێشێلکردنی ڕوونی ماددەی ٢(٤)ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری خاک و سەربەخۆیی سیاسیی وڵاتان قەدەغە دەکات. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕێکاری یاسایی و سزای توند ڕووبەڕووی ئەم دەستدرێژییانە ببێتەوە.

٢. پاراستنی پەنابەران (پەیماننامەی ١٩٥١ی جنێڤ):

تێکۆشەران و چالاکوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستاندا وەک پەنابەری سیاسی و مرۆیی دەژین. بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و پرەنسیپی "ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی زۆرەملێ و پاراستنی پەنابەران" (Non-refoulement)، پاراستنی گیانی ئەوان و ڕێگریکردن لە پەلاماردانیان ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقی ڕاستەوخۆی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی فیدراڵی عێراقە.

٣. پشتگیری لە خەباتی ڕەوای گەلان:

داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەین کە پشتیوانی لە نەتەوەکانی نێو ئێران و ماف و داخوازییە ڕەواکانیان بکەن و دژی دەستدرێژی و پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی سڤیل لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بوەستنەوە. بێدەنگی لە ئاست تاران، تەنها بێبەریبوونی زیاتری ناوچەکە لە ئاشتی و سەقامگیری لێدەکەوێتەوە.

سەربەرزی و نەمری بۆ شەهیدانی پێشمەرگە و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان.

ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٢٥ی پووشپەری ٢٧٢٦

2026 , July 17

سەرنجێک بنووسە
ناو
ئیمەیڵ
تا ئێستە سەرنج نەنووسراوە.
An unhandled error has occurred. Reload 🗙

Rejoining the server...

Rejoin failed... trying again in seconds.

Failed to rejoin.
Please retry or reload the page.

The session has been paused by the server.

Failed to resume the session.
Please retry or reload the page.