بە لەبەرچاو گرتنی نەریتی سیاسی کۆمەڵگای کوردی (وەک بەشێک لە "جیهانی سێهەم" کە بەداخەوە تەنانەت پاش ڕمانی "ئوردووگای شەرق و غەرب" بوونی هەیە)، جەماوەری مەدەنی هەرچەندە پێشکەوتویش بن، دیسان چاولەدەست و ڕێڕەوی هێزە سیاسیەکانن، بە واتەیێکی دیکە ڕادەی خەباتکاری خۆیان لە بەستراوەیی بە لایەنە سیاسیەکاندا پێناسە ئەکەن.
ئەو دیاردەیە لە ڕابوردووی وڵاتانی ئازاد و دێمۆکڕاتیکیشدا بووە؛ بۆ وێنە لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانیدا لە فەڕانسە، سەندیکا و ناوەندە مەدەنیەکان کە ئەمڕۆکە شوێنەواری کاریگەریان لە سەر سیاسەت و دامەزراوە دەوڵەتیەکان هەیە، لە ژێر ڕەوتی سیاسی دەوڵەتدا بوون چون لە بارودۆخی نائاسایی شەڕدا بوون. بەڵام ئەمڕۆکە سەندیکاکان بەستراوەییان بە لایەنە سیاسیەکانەوە نیە.
سەبارەت بە کوردستان، ڕاستە کە لە سەردەمی خەباتی نەتەوەییداین، بەڵام پاش ڕێوڕەسمە بوێرانەکانی نەورۆزان لە ڕۆژهەڵات و بەتایبەت شۆڕشی ژینا، کۆمەڵگای مەدەنی ڕۆژهەڵات سەلماندی کە توانایی و پوتانسیەلی ڕاپەڕین و خۆڕێکخستنیان هەیە و شیاوی ستاتویێکی سەربەخۆن.
بەو هۆیەوە دەبوو ڕوانگەی حێزب و ڕێکخراوە سیاسیەکانیش لە ئاست لایەنە مەدەنیەکان بە ڕۆژ بکرێتەوە و وەک هزری سەربەخۆ و فەرمی پێناسەی بکەن.
شایەنی باسە کە کۆتایی خەباتی چەکداری لە قەوارەی چالاکیە مەدەنیەکاندا سەرهەڵدەداتەوە و هەرچەشنە پشتگری و ئامادەکاری بۆ ئەو بارودۆخە، ڕێگەخۆشکەرە بۆ داهاتوویێکی متمانە پێکراو.
یەکەم هەنگاوی هێزە سیاسیەکان، پێداچوونەوە بە ڕوانگە، وتار و کرداری نێوخۆیی و هەڵسوکەوتی ئەندامان و لایەنگرانیانە کە بەداخەوە زۆر جار ڕەخنە وەرناگرن و تەنانەت پەنا بۆ هەڕەشە دەبەن!
ئیدیۆلۆژی و "تەقەدوس":
سەردەمێک کە حێزبەکان خودموختاری خواز بوون، ڕەخنە هێڵی سوور بوو، ئەمڕۆکەیش کە بووە بە فێدێرالیزم، دووپاتەی هەر ئەو ڕەوتەیە و لەگەڵ باسی "مافی چارەی خۆنووسین" دەکرێت (کە گونجاوترین ڕێگە چارەیە)، بە دڕدۆنگی چاوی لێ دەکرێت.
لایەنێکی دیکەی سیاسەتی نەگونجاوی حێزبەکان، شوعاری "مەرگ و نەمان"ی ڕژیمە کە جیا لە ئێران، لە هیچ کوێی دنیا باوی نەماوە. سەیر ئەوە کە پێیشی ئەڵێن "جمهووری ئیسلامی ئێران" نەک "ڕژیمی ئیسلامی ئێران"!
ئەگەر کۆمار و جمهووریە، ئەوا هەڵبژاردەی خەڵکە و بۆمان نیە بڵێین "مەرگ و ..." و ئەبێ بە خەباتی سیاسی و پارلمانی بەرەوڕووی ببینەوە.
دیارە ئێران وەک ئەندامی وڵاتە یەکگرتوەکان بە فەرمی پێی ئێژن جمهووری،
بەڵام ڕوانگە و وێژەی ئوپوزیسیۆن دەبوو جیاواز بێت و پێناسەی "جمهووری" وەپاڵ نەخەن.
بۆ وێنە سەردەمی ئاپارتاید، بە فەرمی "کۆماری دێموکڕاتیکی ئەفریقای جنووبی" بوو، بەڵام هەموو دژبەرانی لە جیهان دەیانگوت ئاپارتاید.
"مەرگ و نەمان" لە پێناو چیدا!
لە ڕاستیدا "تاریخ مەسرەف"ی ئەو شوعارە بە سەر چووە.
کاتێک زۆربەی نزیک بە تەواوی هێزە کوردیەکان خۆیان لە چوارچێوەی ئێراندا تەعریف دەکەن (لە حاڵێکدا هیچ لایەنێکی ئێرانی ددانی خێر بە کورددا نانێت) و بە کردەوەیش لە گەڵ حکوومەتێکی ناوەندگەرای غەیرە کورد بەرەوڕووین؛ ئەگەر ڕۆژێک "شەقی ڕۆژگار" بە جۆرێک مافی کورد جیاواز لە باقی ئێران مسوەگەر بکات، کورد دەبێ دەست لە شوعاری ڕووخانی ئەم ڕژیم و ئەو ڕژیم هەڵگرێت و سەری بە مافی خۆیەوە بێت.
بۆ وێنە کاتێک سەدام لە دەسەڵاتدا بوو، باشوور بە پشتیوانی دەرەکی ڕزگار بوو و دوفاکتۆ سەربەخۆ بوو؛ لە کاتێکدا سەدام هەر حاکم بوو و باقی عێراقیش وەک خۆی مابوو.
ئایا دەبوو باشوور بەردەوام پێداگر بێت لە سەر دێموکڕاتێزە کردنی عێراق و ڕووخانی ڕژیمەکەی؟ نا!
بۆ ڕۆژهەڵاتیش هەروایە، مادام ئێمە لە گەڵ شوڤێنیزمی ئێران بەرەوڕووین، ئەگەر هەلێکمان بۆ ڕەخسا جا چ مەلا حاکم بێت چ شا و هتد، دەبێ دەست لە شەڕی تەواوەتیی ئێران هەڵگرین و دەست بە کڵاوی خۆمانەوە بگرین!
سەربەخۆخوازی:
ئەو هزر و بیرە پتر لە نێو کوردانی تاراوگەدا گەشەی گرتوە و لە ڕاستیشدا پیروزترین ئاواتە بۆ هەموو کوردێکی دڵسۆز و نیشتمان پەروەر.
بۆ گەیشتن بە ئاواتی بەرزی سەربەخۆیی نەتەوەیی، سێ مەرجی سەرەکی پێویستن و ئیتر کار تەواوە؛ بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئایەکوو ئەو فاکتۆرانە ئەمڕۆکە هەن؟!
1- لێبڕاوی و یەکدەنگی هێز و لایەنە سیاسیەکان
2- پشتگری و ڕاپەڕینی کۆمەڵگای مەدەنی و تاکەکان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات
3- پشتگری دەرەکی، بەتایبەت زلهێزەکان
مخابن تەنیا خاڵێک کە لە ئارا دایە وجێبەجێی بووە، ئێستاشی لە گەڵ بێت، تەنیا فاکتۆری دووهەمە کە حیسابی لە سەر دەکرێت!
دیارە لە هەموویان گرینگتر لە بارودۆخی سیاسی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتدا، فاکتۆری یەکەم واتە هێزەکانن کە بەداخەوە لە گێژاوی پێگە و دەسەڵاتی ڕابوردوو و ئاواتی داهاتوودا دەژین.
دەیان ساڵە لە دەست هێزەکانی باشووردا قەتیسن و بوونەتە دیلی ڕووداوەکانی ڕۆژ، بە بێ ئەوە شوێنەوارێکی دیاریکەریان هەبێت!
بە واتەیێکی دیکە، کارتێکی کاریگەر کە لە دەستیاندایە، ئەوەیە کە پشت بە خەڵکی نێوخۆ ببەستن و لە کاتی پێویستدا بانگەشەی مانگرتن و هتد بکەن.
بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ئەوانە، فاکتۆری سێهەم کە ئەویش وەدوای قازانج و بەرژەوەندی خۆیەتی، پشتیوانی دەرەکیە کە تەرەف حیسابێکی یەکگرتوو و بڕواپێکراو لە نێو ماڵی کورددا بۆ هەڵسوکەوت وەدی ناکات!
2026 , June 14