بۆ خوێندنی کتێبەکە لێرە کرتە بکە
لەوانەیە یەکەم کۆمەڵە پرسیار کە لە لای خوێنەری کتێبی " قاسملوو،مانیفیستی سیمای مرۆڤانەی رێبەری" دروست دەبێ، ئەوە بێ کە مەبەست لە نووسینی ئەم کتێبە چییە؟ ڕەنگە خوێنەر پاشان لە کتێبەکەشدا بە دوای ژیاننامە، یان بیرەوەرییەکانی د. قاسملوودا بگەرێ. لەو رۆژەوە کە دوکتۆر قاسملوو بە سکرتێریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵبژێردرا، رێبەرایەتی لە ناو بزاڤی ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا یەکێک لە جوانترین و پڕواتاترین قۆناغەکانی خۆی دەست پێ کرد. قاسملوو لە سەردەمی رێبەرایەتیی خۆیدا ئاڵوگۆرێکی گرینگی لە ئاستی سیاسی، رێکخراوەیی و پەیوەندییەکانی جووڵانەوەی کوردی ڕۆژهەڵات لە جیهانی دەرەوە و ناوچەکەدا پێک هێنا.
رەمزی سەرکەوتنی قاسملوو، پێکهێنانی هەلومەرجی گونجاو بۆ پاراستنی پرەنسیبەکان و پێکهێنانی زەمینەی گونجاو بۆ ئاڵوگۆر لە ناو بزاڤی نەتەوایەتیدا بەگشتی و لەناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران بەتایبەتی بوو. قاسملوو رێبەری سەردەمێک بوو کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە شۆرشی پێشەسازییەوە بەرەو شۆرشی زانیاری و سەدەی راگەیاندن دەگواستەوە. زانست، زانیاری و ئاسۆبینیی ئەو، بووبوونە هۆی ئەوە کە پێش سەردەمەکەی خۆی، پێشبینیی قۆناغی دیموکراسیی زانستی بکا. بۆیە ئێستاش 25 ساڵ دوای تیرۆرکردنی، سەرەرای ئەوەی کە بزاڤی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بەرەو پێشەوە چووە، بەو حاڵەش رێبەرانی بزاڤی سیاسی لە رووی پێویستیی هەڵگرتنی هەنگاوێکی دیکە لە پێناو پێکهێنانی ئاڵوگۆردا، نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە پێویستەی زانست و رێبەری تاکو گۆرانکارییەکی بنەڕەتی لە دیسکۆرسی سیاسی و ستراتێژیی بزاڤی کورد لەو بەشەی کوردستاندا پێک بێنن.
قاسملوو بزوێنەری شەپۆلی فەرهەنگی رێبەرایەتی بوو لە کوردستاندا و توانیی حیزبێکی نەریتی و گرێدراوبکاتە حیزبێکی مۆدێرن، پێشکەوتوو، سەربەخۆ و خاوەن ستراتێژی، بە بەرنامە، بنەما ئەخلاقی، بایەخەکانی سەردەم و رێبەریی بەکۆمەڵ، رێبەری لە ناو خەڵک وهەروەها پرەنسیبەکانی رێبەریی بەکردەوە بکاتە رۆژەڤی بزاڤی نەتەوایەتیی کورد.
ئەم پەرتووکە بریتییە زنجیرە وتارێک بۆ هێنانە بەرباسی مێتۆدی رێبەریی دوکتۆر قاسملوو لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیراندا و هەروەها بەرزکردنەوەی گرینگیی رۆڵی رێبەری ، نەمازە رێبەریی ئاڵوگۆرخواز و رێبەریی 360 پلە لە هەلومەرجی ئەمرۆی بزاڤی نەتەوایەتیدا. لەم کتێبەدا گرینگترین خاڵگەلی پەیوەندیدار بە هونەری رێبەری و مێتۆدی رێبەریی دوکتۆر قاسملوو بە کەڵکوەرگرتن لە دوایین تیورییەکانی زانستی رێبەری باس کراون. لەژێر تیشکی دەرسەکانی ڕێبەرایەتیی د. قاسملوودا، ئەو تایبەتمەندییانەی کە رێبەرێک دەبێ هەیبن، خراونەتە بەر باس وکاریگەریی رێبەری لە سەر ژیانی خەڵک و ئەوانەی کە لە گەڵ رێبەر کار دەکەن، نیشان دراون.
هەر مرۆڤێک لە رەوتی ژیانی خۆیدا، دەتوانێ لەسەر ژیانی هەزاران کەس شوێن دابنێ. پرسەکە لەوەدا نییە کە داخوا لەسەر کەسانی دیکە شوێن دادەنێین یا نە، بەڵکوئەوەی گرینگە چۆنیەتیی شوێندانانەکەمانە. ئامانجی ئەو بەرهەمە هاوکاریکردنی خوێنەرانە بۆ بەهێزکردنی توانای رێبەرییان وهەروەها سەرکەوتنیانە لە کاروباری تایبەتی و رێکخراوەییاندا. ئەگەر بمانەوێ نەوەکانی دوارۆژمان سەرکەوتوو بن و قوربانیی کەمتر بدەن، گەر بمانهەوێ لە خەبات و کاری رێکخراوەیی خۆماندا سەرکەوتوو بین، یەکەم هەنگاو بەهێزکردنی ئاستی رێبەریی خۆمانە. پوختەی پەیامی پەرتووکەکە ئەمەیە: خەبات لەپێناو رزگاریی نەتەوایەتی و بەرەوپێشبردنی بزاڤی دیموکراتیکی گەلی کورد لە هەر هەلومەرج و قۆناغێکدا،زێدەباری هەرجۆرە کێشە و قەیرانێک؛ بۆ تێپەربوون لێیان پێویستی بە رێبەرایەتییەک هەیە کە وەڵامی سەردەم بداتەوە و بە کەرەستەی پێویستی رێبەری و چارەسەری و بەرێوەبردنی کێشەکان ئەرکی مێژوویی رێبەرایەتیی بزاڤی نەتەوایەتیی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان راپەڕێنێ.
قاسملوو ڕچەشکێنی خەبات دژی خەباتی نەریتی بوو. رێبازی قاسملوو نوێگەرا، پێشکەوتنخواز، دیموکرات و خاوەن بنەماکانی رێزگرتن لە کەڕامەتی مرۆڤایەتی و ژینگەپارێزییە. ئەم پەرتووکە پێشکەشە بە هەموو رێبوارانی رێگای قاسملوو و هەموو شەهیدانی رێگای رزگاریی کورد و کوردستان.
25 ساڵ دوای کارەساتی تیرۆری قاسملوو، ئاستی وشیاری و بەربڵاویی خەباتی نەتەوایەتی ئاسۆیەکی نوێی خولقاندووە.ئاسۆیەکی جیاواز،ئاسۆیەکی بەهێزتر بەڵام، نەرمتر.بەرینیی ئەو ئاسۆیەش پڕە لە ئاشتی، نەرمی و خۆشەویستی. بەو هیوایە توانیبێتم بەرامبەر بە شەهیدان و خەباتکارانی رزگاری نەتەوەکەم ئەمەگناس بووبم. هیوادارم خوێنەر بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە وەڵامی خاڵانەی سەرەوەی دەست بکەوێ و زیاتر وەدوای ئەوسەرەداوانە بڕوا کە ئاماژەم پێ کردوون.
مەجید حەقی
هێلسینکی 13.7.2014